<<< ئه‌م وت و وێژه پێشتر له گۆڤاری مه‌هاباد ژوماره 63 بڵاو کراوه‌ته‌وه>>> .
دیدار له گه‌ل خاتوو فریشته نێعمه‌تی و شادی موسته‌فایی به‌رپرس و ئه‌ندامی کۆڕی ژنانی بانه
وت و وێژ : گه‌لاوێژ ده‌رویش پوور _ پیرانشار
وه‌ک ئاگادارین له حه‌وتووه‌کانی رابردوو دا سه‌فه‌رێکتان هه‌بوو بۆ هندێک له شاره‌کانی کوردستان. مه‌به‌ست له‌و سه‌فه‌ره چی بوو و هه‌روه‌ها ده‌سکه‌وته‌کانی چ بوون؟
فریشته نێعمه‌تی : سه‌رجه‌م ده‌سکه‌وته‌کانمان له‌م سه‌فه‌ر باش بوو. هه‌روه‌ها هه‌وڵمان دا خۆشمانیان پێ بناسێنین و ئه‌و که‌سانه‌ی که هۆگری کاری ژنانن پێوه‌ندیان ده‌گه‌ڵ بگرین. هه‌م له‌و سمیناره‌ی که سه‌باره‌ت به قه‌تڵه نامووسیه‌کان له داهاتوویه‌کی نزیک دا ده‌مان بێت، هه‌م له داهاتووی کۆڕه‌که‌مان دا یارمه‌تیمان بده‌ن و چالاکی بگێڕن.
- ئه‌نجوومه‌نه‌که‌تان له چ بواریک و به چ ئامانجێک چالاکی ده‌نوێنێت؟
نێعمه‌تی : کاری کۆڕه‌که‌مان (رێکخراوه‌که‌مان) زۆرتر له باری فه‌رهه‌نگیه‌وه‌یه و له‌م بوارانه‌دا هه‌وڵ ده‌دا:
1- هێنانه مه‌یدانی ژنان بۆ هه‌وڵ و تێکۆشانه کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیه‌کان .
2- بردنه سه‌ری ئاستی فه‌رهه‌نگی ژنان.
3- یارمه‌تی ژنان له هه‌مبه‌ر بن بڕ کردنی بێسه‌وادی. به پێی ئه‌و ئه‌و ئامارانه‌ی که هه‌ن دوای ئوستانی سیستان و به‌لووچستان، ئوستانی کوردستان له ئێران دا زۆرترین راده‌ی بێسه‌وادی هه‌یه، به داخه‌وه له ئوستانیش دا شاری بانه دوای دیوانده‌ره زۆرترین نرخی بێسه‌وادی گرتوه‌ته به‌ر خۆی.
4- ئاشنا کردنی ژنان له گه‌ل حه‌ق و مافه‌کانیان.
5- پێکهێنانی سندووقی ته‌عاونی بۆ یارمه‌تی ژنان له بواری بردنه سه‌ری ئاستی مه‌عیشه‌تی ژنان.
- تاریفی ئێوه له فیمینیزم چیه؟
نێعمه‌تی : روانگه فیمینیسته‌کان له دونیادا هێستاش به هۆی هه‌بوونی ریشه و روانگه‌ی فیکری جیاواز و جۆراوجۆره‌وه به فیکرێکی یه‌ک ده‌ست نه‌گه‌یوه. هه‌ر کامێکیان ده‌رک و روانینێکی جیاوازیان سه‌باره‌ت به فیمینیزم هه‌یه که له‌ته‌ک بۆچوونه‌کانی تر دا جیاوازه. خاڵی گرینگ ئه‌وه‌یه که ئایا ئێمه فیمینیزممان به مانای راسته‌قینه‌ی خۆی(یه‌کسانی ژن و پیاو له هه‌موو شت دا)سه‌لماندووه یان نا! و ئامانجه‌کانی خۆمان به یه‌ک چاو ده‌روانین؟
شادی موسته‌فایی: فیمینیزم به‌شێکه له لێکۆڵینه‌وه‌کان سه‌باره‌ت به ژنان که ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ له روانگه‌ی ژنانه شی ده‌کاته‌وه. رۆڵی ژن له کۆمه‌ڵگا ته‌ئید ده‌کا و له لێکۆڵینه‌وه‌کانی دا ژن ته‌وه‌ری باس و خواست لێکۆڵینه‌وه‌کانیانه. ئامانجی فیمینیزم ئه‌وه‌یه که به ناسین و زانینی نابه‌رابه‌ری و جیاوازی جنسی و کێشه و گرفته‌کانی که له به‌ر ژن بوونیان پێیان ده‌کرێ، نه ته‌نیا ئه‌و نابه‌رابه‌ریه له به‌ین به‌رن به‌ڵکوو هه‌ر جۆره سیستم و بنه‌مایی فیکری و کۆمه‌ڵایه‌تی که باوه‌ڕی به‌و جیاوازیه هه‌یه، له به‌ین به‌رن یا خۆ ئه‌وانه دروست که‌ن.
- ئه‌گه‌ر له روانگه‌یه‌کی فیمینیستییه‌وه ده‌ڕوانن، ئاخۆ توانیوتانه ئه‌م روانگه‌یه خۆماڵی بکه‌ن؟
نێعمه‌تی : له بنکه‌یه‌کی خه‌ڵکی له شارێکی بچووک دا و به له سه‌ر بوونی ئاستی بێسه‌وادی ژنان ئێوه چۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌تان هه‌یه که روانگه‌یه‌کی فیمینیستی به پاراوی قه‌بووڵ کرابێ و به کۆمه‌ڵگا ناسرا بێ؟
موسته‌فایی : کۆمه‌ڵگای ئێمه جیاوازی زۆری له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای تر دا هه‌یه، گرفت و کێشه‌ی ژنیش هه‌روه‌ها له نێوان کۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌کان دا جیاوازی هه‌یه. ناتوانین بڵێین ئێمه توانیومانه ئه‌م روانگه‌یه‌مان به ته‌واوی خۆماڵی کردوه به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ک توانیومانه به ژنان و به کۆمه‌ڵگا، ئه‌م روانگه‌یه بناسێنین و ژنان به‌و جۆره بیروڕایه و روانگه‌یه ئاشنا که‌ین.
- به له‌به‌ر چاو گرتنی که‌ش و هه‌وای ئێستا پێتان وایه له کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌واو سووننه‌تی دا ده‌کرێ ئاڵ و گۆڕێک پێک بێنین؟
نێعمه‌تی : هه‌نگاوه‌کانی ئێمه له ئاست گۆڕینی فه‌رهه‌نگ و سووننه‌ته غه‌ڵه‌ته‌کان دا له کۆمه‌ڵگا که‌م و چووکه‌ن، هه‌نگاو گه‌لێکی بچووک به‌ڵام قورس و قایم. ئه‌و گۆڕانکاریانه پێویستیان به کاتێکی زۆرتره تا به‌رهه‌میان هه‌بێت.
موسته‌فایی : ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌ی تێیدا ژیان به سه‌ر ده‌به‌ین سازکراوی ساڵانێکی دووره درێژه و مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه . زۆر شت ده‌ستیان به یه‌ک داوه تا کوو ئێستا ئه‌م جۆره کۆمه‌ڵگایه دروست بووه، کۆمه‌ڵگایه‌کی سووننه‌تی و پیاو سالار. له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌موو شتێک وه‌ک زه‌نجیر به یه‌که‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه هه‌ر جووڵه‌یه‌ک و حه‌ره‌که‌تێک له‌م حه‌ڵقانه بێت ئه‌وانی تریش وه جووڵه ده‌خا. گۆڕین و ئال و گۆڕی کۆمه‌ڵگای ئاوا، کارێکی درێژ خایه‌ن و بنه‌ره‌تییه و کات و زه‌مانی ده‌وێ و به هاوکاری و یارمه‌تی گشت لایه‌نه‌کانه‌وه ده‌کرێ، ئێمه وه‌کوو کۆڕی ژنانی بانه زۆر له سه‌ر بیر و باوه‌ڕی ژنان له کۆمه‌ڵگا و هێنانی ئه‌وان بۆ ناو چالاکیه‌کانه‌وه و هان دانیان بۆ فێر بوونی زانست و ئاگادار کردنی ئه‌وان به مافه‌کانیان هه‌وڵمان داوه. به‌ڵام هه‌روه‌ک باسم کرد ئه‌و مه‌سه‌له‌یه کات و زه‌مانی ده‌وێت تا به‌رهه‌مه‌کانی خۆی بنوینێت.
_ بۆ گۆڕینی بیر و باوه‌ڕ سه‌باره‌ت به ژنان ئامانجتان گۆڕینی یاسایه، یان گۆڕینی گوتاری باوی پیاو سالارانه؟
نێعمه‌تی : ئێمه ناتوانین یاسا و فه‌رهه‌نگ و سووننه‌ته باو و چه‌ندین هه‌زار ساڵه‌کان له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت دا بگۆڕین. من خۆم پێم وایه که مرۆڤ گۆڕانکاریه‌کان ده‌شێ له خۆی ڕا ده‌ست پی بکا. ئه‌گه‌ر من له به‌رامبه‌ر سووننه‌ت و فه‌رهه‌نگی باو له ناو کۆمه‌ڵگادا فکرێکی باشترم هه‌یه( زه‌ماوه‌ند، ماره‌یی، زێڕ و ...) هه‌وڵ ده‌ده‌م که به‌ر له هه‌موو شت ئه‌وه به مناڵه‌کانم یان ده‌ور و به‌رێکانم بسه‌لمێنم که مانای ژیان یه‌ک جار زۆر گرینگتره له زێڕ و ماره‌یی. یا ئه‌وه‌ی که ئه‌و ده‌م که سه‌باره‌ی به سه‌ربه‌خۆیی ئابووری هه‌ڵوێستم هه‌یه دیسان هه‌وه‌ڵ هه‌نگاو خۆم هه‌ڵی دێنم یان ئه‌گه‌ر دژ به بێسه‌وادی ژنانم هه‌وه‌ڵ هه‌نگاو له کچه‌که‌ی خۆم ڕایه که سه‌باره‌ت به زانست و ئاگاداری روانینێکی جوانی هه‌بێ.
موسته‌فایی : ده‌بێ ده پێش دا جۆری چاو لێکردنی ژنان و روانگه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر به ژنان و بیر و باوه‌ڕی باو بگۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر بیر و باوه‌ڕی باو نگۆڕدرێت و هه‌ر وا ژن به که‌م بزاندرێن و وه‌کوو جینس و کالا سه‌یری بکرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یاساکانیش دروست و ره‌وا بن له به‌ڕێوه بردنی ئه‌و یاسایانه (یاسای باو) گرفت دێته پێشێ. که‌واته ده‌بێ فه‌رهه‌نگ سازی و زه‌مینه‌ی گۆڕینی یاسا ببێت. راسته زۆر یه‌ک له یاساکانی مه‌ده‌نی سه‌باره‌ت به ژنان هه‌ر به بیر و باوه‌ڕ و روانگه‌ی سووننه‌تی پیاو سالارانه ده‌یان سال له‌مه‌و پێش داندراوه و به ته‌ئکید ناتوانن بۆ که‌ش و هه‌وای ئێستا وڵامده‌ری خواست و داخوازه‌کانی ژنان بێت. ده‌بی ئه‌و یاسایانه ئاڵ و گۆڕیان به سه‌ر دا بێ.
- ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی سه‌ر رێگای ژنان له کۆمه‌ڵگا جیاوازه‌کانی جیهان دا وه‌ک یه‌ک نین، ئایا پێتان وایه پێویسته هه‌شتی مارسێکی تایبه‌ت به ژنانی کوردستان هه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر وایه ده‌بێ چۆن بێت؟
نێعمه‌تی : ئه‌گه‌ر رۆژێک تایبه‌ت به ژن بێت باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده به‌رهه‌ڵست و هه‌ل و مه‌رجی ناله‌بار له سه‌ر رێی ژنان هه‌یه و ئه‌وه‌نده‌ی که خۆمان له ته‌ک خۆمان تووشی ناکۆکین که بۆ وێنه هه‌بوونی رۆژێک وه‌کوو 8ی مارس که تایبه‌ت به ژنانی کورد بێ له روانگه‌ی منه‌وه ئه‌سڵه‌ن گرینگ نیه. گرینگ ئه‌وه‌یه بتوانین خۆمان و یه‌کتری باوه‌ڕ بکه‌ین بۆ هه‌ر چی باشتر بوونی وه‌زعی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ژنان و سه‌رجه‌م بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌نگاو هه‌ڵێنین.
موسته‌فایی : راسته وایه ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی سه‌ر رێگای ژنان له کۆمه‌ڵگا جیاوازه، به‌ڵام 8ی مارس رۆژێکی پیرۆزه و ده‌توانێ ببێته رۆژێکی جیهانی بۆ ته‌واوی ژنان. ئه‌و رۆژه سومبولێکه بۆ ته‌واوی ژنان، بۆ یه‌ک گرتوویی ژنان دژ به هه‌موو چه‌وساوه‌یی و نابه‌رابه‌ری. ئه‌وه‌ش له بیر نه‌که‌ین که ژنی کوردی قاره‌مان و تێکۆشه‌ری زۆرمان هه‌یه و جێی شانازی و رێزن.
- پێتان وایه ئه‌رکی پیاوان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی ژنان چیه؟
نێعمه‌تی : من پێم وایه له کۆمه‌ڵگایه‌ک دا که ژن چه‌وساوه بێت پیاویش چه‌وساوه‌یه. ئه‌گه‌ر ژنان و پیاوان ده‌ست بده‌نه ده‌ستی یه‌ک هه‌ڵبه‌ت کۆمه‌ڵگایه‌کی باشتر و ژیانێکی خۆشتر و ئیمکاناتێکی زۆریان ده‌بێ. که وا بوو مه‌سه‌له‌ی ژن جیا له مه‌سه‌له‌ی پیاو نیه. تۆزێک هه‌وڵ و تێکۆشانی زۆرتری گه‌ره‌که.
موسته‌فایی : کێشه‌ی ژن، کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. ژن و پیاو پێکه‌وه له کۆمه‌ڵگا دا ده‌ژین، پێکه‌وه پێوه‌ندی به‌رده‌وامیان هه‌یه. له هه‌ر شوێنێک ده‌ردێک و کێشه‌یه‌ک هه‌یه(کێشه‌ی ژن به تایبه‌ت) که به‌رامبه‌ر به ژنه، پیاوێکیش هه‌یه. که واته بۆ چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌ی ژن ده‌بێ ژن و پیاو هه‌ر دوک هه‌وڵ بده‌ن و له‌و باوه‌ڕه‌م که پیاو له گۆڕینی کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگی باو دا رۆڵی سه‌ره‌کی هه‌یه.
ئێمه چ ژن و چ پیاو، گرفته‌کانمان ده‌بێ به زانسته‌وه راڤه که‌ین. ده‌بێ بزانین چمان ده‌وێ. بۆ گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشکه‌وتوو ده‌بێ ژن ئازاد بێ، ده‌بێ ژن له ماڵه‌وه بێته ده‌رێ، ده‌بێ ژن باوه‌ڕی به خۆی هه‌بێت ده‌بێ پیاو و ژن به دیدێکی بازه‌وه سه‌یری شته‌کان بکه‌ن. بیر و باوه‌ڕی کۆن وه‌لابه‌ن، گوفتمان و دیالۆگه‌کان بگۆڕین. با ئیتر دیالۆگ و وشه‌ی زه‌عیفه و وه‌جاغ کوێر و ... پاک بنه‌وه و نه‌مێنن.
- بۆ به‌ره‌و پێش بردنی کاره‌کانتان چ شت هایه‌ک له ده‌ستووری کاره‌کانتان دا هه‌یه؟
نێعمه‌تی :تیشک ده‌هاوینه سه‌ر به‌رنامه فه‌رهه‌نگیه‌کانی خۆمان و له داهاتوو دا به‌رنامه له پێش داڕشتراوه‌کانی کۆڕی ژنانی بانه به رێک و پێکی درێژه ده‌ده‌ین .